عەبدولفەتاح سیسی داوایەک ئاراستەی ترەمپ دەکات
سەرۆکی میسر لەمیان لوتکەی بەغدا داوایەکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کرد لەبارەی ئاگربەست لەغەززەدا
ئەمڕۆ شەممە ، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە ٣٤ـەمین لوتکەی عەرەبی رایگەیاند، دەبێت هەموو وڵاتانی عەرەبی لوتکەی بەغدا بکەنە خاڵی دەستپێک بۆ گەیشتن بە ئایندەیەکی گەش بە بەهێزکردنی یەکێتی عەرەبی و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی کە ناوچەکەیان بەڵا کردووە، لە پێش هەموویانەوە پرسی فەڵەستین.
باسی لەوەشکرد، دۆزی فەڵەستین بە مەترسیدارترین قۆناغی خۆیدا تێدەپەڕێت و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی برسێتی و بێبەشی کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دوو ملیۆن فەلەستینی لە ناو کەرتی غەززە، تووشی وێرانکارییەکی بەرفراوان بووە.
وتیشی، میسر بە هەماهەنگی لەگەڵ قەتەر و ئەمریکا هەوڵی زۆری داوە، بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە و رێگەدان بە هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان.
سیسی لە وتارەکەیدا داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد کە نێوەندگیری ئاگربەست لە غەززە بکات بۆ پشتیوانیکردن لە گەیشتن بە پرۆسەی ئاشتی بەردەوام لە ناوچەکەدا.
