وتاربێژی هەینی لە نەجەف: بایکۆتکردنی هەڵبژاردن بە واتای "دۆڕاندنی عێراق" و پێشکەوتنی کەسانی دیکە دێت
پێشنوێژ و وتاربێژی نوێژی هەینی نەجەف، سەید سەدرەددین قوبانچی هۆشداری دا لە کاردانەوەکانی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمدا ئەنجام بدرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، خۆبەدوورگرتنی جەماوەر لە سندوقەکانی دەنگدان هەڕەشە لە داهاتووی عێراق دەکات و "دەرفەتی پێشکەوتن بە کەسانی دیکە دەبەخشێت".
قوبانچی لە وتاری هەفتانەی سیاسی خۆیدا، کە موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، وتی "هەڵبژاردن دەربڕینی ئیرادەی گەلە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجەی ئێستا تیایدا دەژین، باشترین ڕێگا بۆ چاکسازی چییە؟" ئاماژەی بەوەشکردووە، "چاکسازی بە بایکۆتکردن نایەتەدی، بەڵکو بە ئامادەبوون و بەشداریکردنی کارا و هەڵبژاردنی شایستەترینەکان دێتە دی".
قوبانچی جەختی لەوە کردەوە کە "بایکۆتکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە مانای لەدەستدانی عێراقە"، داوای لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و وازنەهێنان لە گۆڕەپانەکە بۆ بژاردەی خراپتر دەکات.
قەبانچی باسی لە سی و چوارەمین لوتکەی عەرەبی کرد، کە بەم دواییە لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو، بە "هەنگاوێک بە ئاراستەیەکی دروست، بەبێ گوێدانە ئاستی دەستکەوتەکان"ی زانی، ستایشی هەوڵە سیاسی و ئەمنییەکانی حکومەت کرد بۆ دەستەبەرکردنی سەرخستنی لوتکەکە.
ناوبراو لوتکەکەی بە "سەرکەوتنێکی سیاسی بۆ عێراق" وەسف کرد و وتی "بەغدا بۆتە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی جیهانی عەرەبی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوژانەوەی ڕۆڵی ناوچەیی عێراق".
