سەرۆکایەتی پەرلەمان داوا لە پەرلەمانتاران دەکات لە کاتی پشووی یاسادانان ئامادەکاری بۆ دانیشتنی نائاسایی بکەن
ئەمڕۆ دووشەممە ،سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران داوای لە ئەندامانی پەرلەمان کرد ئامادەکاری بکەن بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی نائاسایی لە ماوەی مانگی دووەمی پشووی ئێستای یاسادانان.
سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە،تێیدا هاتووە: "ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و کۆمەڵێک بابەتی لە بەرنامەی کارەکەیدا تاوتوێ کرد، لە پێشەنگی ئەوانەشدا ڕەشنووسی یاسا و بڕیارەکانی ئامادەن بۆ پێشکەشکردن، کە لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانی دیراسەی خۆیان تەواو کردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و ڕێگاکانی دروستکردنی ژینگەی یاسایی و سیاسی گونجاو کرا بۆ دەستەبەرکردنی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف، بەمەش متمانە بە پرۆسەی دیموکراسی و جێبەجێکردنی خواستەکانی هاوڵاتیان بەرزبووەتەوە".
سەرۆکایەتی ئەنجومەن داوای لە "ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کرد، ئامادەکاری بکەن بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی نائاسایی لە ماوەی مانگی دووەمی پشووی یاسادانانی ئێستا، بە ئامانجی تەواوکردنی ئەو ئەرکە گرنگانەی یاسادانان و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی قۆناغی ئێستا".
