پارتی بۆ بەرپرسانی بەغدا : تا پێش جەژن شایستە داراییەکانی هەرێم نەگات هەڵوێستی جددیمان دەبێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، ئەگەر تا پێش جەژنی قوربان وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێم نەنێرێت، ئەوا هەڵوێستی جیددییمان دەبێت.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “رای گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگاداردەکەینەوە کە حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا پێشلکاریشی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستوور و بنەماکانی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتە و بە سیاسیکردنی قووتی خەڵکە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان دەخەینە بەرباس و بڕیاروەرگرتن و ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان، ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان رەوانە نەکرێت هەڵوێستی جددیمان دەبێت و رایدەگەیەنین.
