ئەحمەد شەرع: ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیل دەتوانێت ببێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەکە
یەکشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ڕایگەیاند، بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان دیمەشق و تەلئەڤیڤ هەیە، گوتیشی، هەردوولامان 'دوژمنێکی هاوبەشمان' هەیە. ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێ کەوتووەتەوە.
ڕۆژنامەی 'زەکرادڵ' بڵاوی کردووەتەوە، ئەحمەد شەرع لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی 'جیوش جۆرنال'ـی ڕاگەیاند، "ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیل، دەتوانێت ببێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕ."
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا وتی: ئیسرائیل و سووریا 'دوژمنی هاوبەش' یان هەیە، هەروەها ئامادەیە لەگەڵ تەلئەڤیڤ مامەڵە بکات ئەگەر "ڕێگەیەکی ڕوون بۆ پێکەوەژیان" هەبێت.
ئەحمەد شەرع باسی لەوەش کردووە "دەبێت سەردەمی بۆرمباران و هێرشکردن کۆتایی بێت، هیچ نەتەوەیەک خۆشبەخت نابێت، کاتێک ئاسمانەکانی پڕ لە ترس بێت، ڕاستیەکە ئەوەیە ئێمە دوژمنی هاوبەشمان هەیە، دەتوانین ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕین لە ئاسایشی ناوچەکەدا."
سەرۆکی سووریا دەشڵێت: "دەبێت ئاشتی لەڕێگەی ڕێزگرتنی یەکترەوە بەدی بهێنرێت، نەک ترس. ئێمە کار لەسەر ڕاستگۆیی و ڕێگایەکی ڕوون بۆ پێکەوەژیان دەکەین، دوور دەکەوینەوە لە هەر شتێکی کەمتر لەوە."
ئەحمەد شەرع، پشتگیریی خۆی بۆ زیندووکردنەوەی بنەماکانی ڕێککەوتنی جیابوونەوەی ساڵی 1974، کە پێی دەڵێن (ڕێککەوتنی دۆفا) دەربڕی، بە چوارچێوەیەکی ئەگەری بۆ دانبەخۆداگرتنی هەردوولا و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی ناوی برد.
