چوارچێوەی هەماهەنگی: پێویستە بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان مامەڵە لەگەڵ دۆسیە نیشتیمانییەکان بکرێت
چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت، پێویستە بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان مامەڵە لەگەڵ دۆسیە نیشتیمانییەکان بکرێت، دەشڵێت یاسای نەوت و غاز چارەسەری دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێم و بەغدا دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، دوای کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی عەممار حەکیم بە ئامادەبوونی محمد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، میدیا عێراقییەکان وردەکاری کۆبوونەوەکەیان بڵاوکردەوە.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا باسیان لەوەشکرد، پێویستە یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانەوە دەربکرێ، چونکە ئەو یاسایە جەوهەری چارەسەری دۆسێ هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغداد و هەرێمە.
سەبارەت بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، چوارچێوەی هەمامەنگی جەختی کردووەتەوە، پێویستە بۆ هەر پرسێکی نیشتمانی لەسەر بنەمای دەستوور و بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگا هەڵسوکەوت بکرێت.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق پابەندە بە مافی هەموو هاووڵاتیانی و لە هەوڵی بەردەوامدا بۆ نەهێشتنی هەر رێگرێک بۆ ئەو مەبەستە.
