لیژنەی باڵای ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران ژمارەیەك پڕۆژە پەسەند دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە،بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان ژمارەیەك پڕۆژە پەسەند كرا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا بڵاویکردەوە: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنانی كرد، و لە كۆبوونەوەكەدا چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنان كە لە بەرنامەی كاردا بوون تاوتوێ كران و بڕیاری پێویستیان درا.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەچوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەت بۆ دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت، ڕەزامەندی درا بە پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی لاوان و وەرزش، هەروەها پڕۆژەیەك بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوونی ستونی بۆ فەرمانبەرانی كۆمپانیای گشتی بۆ پیشەسازییەكانی كارەبا لە ناوچەی تاجی. هەروەها ڕەزامەندی درا بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە پارێزگای دیوانیە، زەویەكانی دامەزراوەی شەهیدان، و زەویەكانی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە دوورگەی نەجەف.
ئاشكراشیكرد: لە كۆبوونەوەكەدا دەنگدرا بە پەسەندكردنی چەند پڕۆژەیەك لە پارێزگای نەینەوا، لەوانە دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون لە بەشی مانەوەی پڕۆژەی (عەین عێراق)، هەروەها دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوونی كات بەسەربردن لە (قەرەكوز). هەروەها دەسەڵاتی بە پارێزگار درا بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لە قەزاكانی حەمدانیە و تلكێف.
رونیشیكردەوە: لە چوارچێوەی پابەندبوونی حكومەت بە كەرتی تەندروستی، ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەیەك درا بۆ دامەزراندنی نەخۆشخانەی چارەسەری ئالوودەبوون و تەندروستی دەروونی، هەروەها نەخۆشخانەیەكی گشتی بۆ پسپۆڕییە پزیشكییە جیاوازەكان.
