دەستگیکردنی باندێکی لەشفرۆشی لەسلێمانی
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی باندێکی پێنج کەسییان بە تۆمەتی لەشفرۆشی راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە چالاکییەکی هاوبەشی ئاسایشی سلێمانی و بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی رۆژئاوا و بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی دادوەری لێکۆڵینەوە و بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی، شەوی رابردوو پێنج کەسیان بە تۆمەتی لەشفرۆشی دەستگیر کردووە.
وتیشی، ئەو پێنج کەسە لەسەر بنەمای ماددەی ٤ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی ژمارە ٨ی ساڵی ١٩٨٨ دەستگیرکراون.
باسی لەوەشکرد، چوار کەسیان بە نەتەوە عەرەبن و لە رەگەزی مێن، یەکێکیان بە نەتەوە کوردە و لە رەگەزی نێرە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە لەکەیسەکەدا ئەنجامدرا و دانپێدانانی تۆمەتباران جێگیرکرا، سەرجەمیان بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراون.
