ئێران شوێنگرەوەی فەرماندەی سوپای پاسداران و سوپاسالاری دیاریکرد
پاش هێرشەکەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و کوژرانی فەرماندەی سوپای پاسداران و سوپاسالاری ئەو وڵاتە، ئێران دوو فەرماندەی دیکەی لە شوێنی ئەوان دانایەوە.
ئەمڕۆ هەینی ، میدیای ئێران بڵاوی کردەوە، ئەحمەد وەحیدی وەک فەرماندەی سوپای پاسداران لە شوێنی حوسێن سەلامی داندرایەوە پاش ئەوەی ئەمڕۆ بەرەبەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا.
ئەحمەد وەحیدی پێشتر فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بووە، کەسایەتییەکی هەرە دیاری دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێرانە و شارەزاییەکی زۆری لەبوارەکەی خۆیدا هەیە.
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوەش کردووە، ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی فەرمانی کردووە، ئەدمیرال حەبیبولڵا سیاری وەک سوپاسالار دیاریی بکرێت لە شوێنی سوپاسالاری پێشوو محەممەد باقری کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاوی کردەوە، بارەگای سوپای پاسداران لە تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە بە چەندین مووشەک بۆردومان کرا.
ئاژانسەکە باسی لەوەشکرد، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی, سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران.
