ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کاندید دەکرێت
پاکستان ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کاندید دەکات، کە بە وتەی خۆی، بەهۆی هاوکارییەکانیەوەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دوایین شەڕی نێوان هیندستان و پاکستان. شیكەرەوە سیاسیەكانی ئەو وڵاتەش دەڵێن، "ئامانجیان لەو هەنگاوە ئەوەیە كە وا لە ترەمپ بکەن، بیر لەوە نەکاتەوە بەشداری شەڕی ئیسرائیل و ئێران بێت".
پاکستان ئەمڕۆ بە فەرمی كاندیدكردنی دۆناڵد ترەمپی بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ڕاگەیاند و دەڵێت، "ترەمپ دوربینییەکی ستراتیژی گەورە و دەوڵەتمەدارییەکی نایابی نیشاندا بە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسلام ئاباد و نیودەلهی، كاتێك كە دۆخەكە خێرا تێکچو، ئەم دەستێوەردانە بەڵگەیەکە لەسەر ڕۆڵی ئەو وەک ئاشتیخوازێکی ڕاستەقینە."
هەنگاوەکەی پاکستان بۆ کاندیدکردنی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە عاسم مونیر، سەرۆکی سوپای پاکستان لە کاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا لەگەڵ ترەمپ کۆبوەوە. ئەوە یەکەمجارە کە سەرۆکێکی سوپای پاکستان لە کاتی حکومەتێکی مەدەنی لە ئیسلام ئاباد، بانگهێشتی کۆشکی سپی بکرێت.
ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لەناکاوی ترەمپ لە مانگی (ئایار/5)ـدا، کۆتایییەکی چاوەڕواننەکراوی بە شەڕی چوار ڕۆژەی نێوان هیندستان و پاکستانی هێنا كە هەردو وڵات خاوەنی چەكی ئەتۆمین. لەو کاتەوە ترەمپ چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردوە کە ڕێگری لە جەنگی ئەتۆمی کردوە و ژیانی ملیۆنان کەسی ڕزگارکردوە.
