سبەینێ یەكەم گەشت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرە بۆ ئەستەنبوڵ و بەیروت دەستپێدەكاتەوە
سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاریی لە هەرێم رایگەیاند ،بەیانی یەكەم گەشت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرە بۆ ئەستەنبوڵ و بەیروت دەستپێدەكاتەوە ،ئاماژەی بەوەشکرد و لە رۆژانی داهاتوو سەرجەم گەشتەكان ئاسایی دەبنەوە.
ئەمرۆ سێشەممە ، لاوەند مەموندی، سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی، بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان سەرجەم كۆمپانیاكانی گەشتیاری زەرەرمەندبوون و دەشڵێت، لە رۆژانی داهاتوو سەرجەم گەشتەكان ئاسایی دەبنەوە.
باسی لەوەشکرد، ئەو كەسانەی تكتیان هەیە و هەڵنەوەشێندراوەتەوە دەتوانن تكتەكانیان بگۆڕن و گەشتەكانیان بكەن.
وتیشی، پێشبینی دەكرێت هەموو ئەو كۆمپانیانەی گەشتەكانیان هەڵوەشاندووەتەوە، لە ٤٨ كاتژمێری داهاتوو دەست بە گەشتەكانیان بكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، رۆژانە بەلایەنی كەم ٣٥ گەشت لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەكران، سەرجەم كۆمپانیاكانی گەشتیاری زەرەرمەندی بوون، تاوەكوو ئێستا قەبارەی زیانەكانیان نازاندرێت، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا بڵاویدەكەنەوە.
