بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠٢٢ەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان پوتین و ماکرۆن ڕوویدا
كۆشکی کرێملین ،ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و هاوتا فەرەنسییەکەی، ئیمانوێل ماکرۆن، یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامدا کە بە ئاشکرا ڕاگەیەندرا لە دوای ساڵی ٢٠٢٢ەوە.
سەرۆکایەتی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ڤلادیمێر پوتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئەنجامدا، ئەمەش یەکەم پەیوەندییان بوو لە دوای ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە دەستپێکردنی هێرشە بەرفراوانەکەی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا.
کۆشکی کرملین ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی ڕووسیا و هاوتا فەرەنسییەکەی باسیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئیسرائیل و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوو سەرکردە پێویستی چارەسەرکردنی قەیرانی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بە ڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسی دووپاتکردەوە و جەختیان لەسەر بەرپرسیارێتی ڕوسیا و فەرەنسا کردەوە بۆ پاراستنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.
کرێملین ئەوەشی خستەڕوو کە پوتین لە کاتی بانگەوازەکەدا جەختیشی لەوە کردەوە کە ململانێی ڕووسیا و ئۆکرانیا کە زیاتر لە سێ ساڵ لەمەوبەر سەریهەڵدا، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی ڕۆژئاوایە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی کرێملین، پوتین سەرۆکی فەڕەنسای ئاگادار کردۆتەوە کە ڕۆژئاوا سیاسەتی درێژکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان بە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا پەیڕەو دەکات.
لای خۆیەوە نووسینگەی ماکرۆن ڕایگەیاندووە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ماکرۆن جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوونی ئێران بە پابەندبوونەکانی بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی بەتایبەتی هاوکاریی تەواوی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کردەوە.
سەرۆکی فەرەنسا داوای لە هاوتا ڕووسیەکەی کردووە "بە زووترین کات" بە ئاگربەست لە ئۆکرانیا ڕازی بێت.
ماکرۆن جەختی لە "پاڵپشتی بێ چەواشەکاری فەرەنسا بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا" کردەوە و "داوای دامەزراندنی ئاگربەست لە زووترین کات و دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا بۆ گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی بەردەوام و درێژخایەن لەگەڵ ململانێکان" کرد، بەپێی کۆشکی ئیلیسی.
نووسینگەی سەرۆکایەتی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوو سەرۆک کە لە ئەیلولی 2022ەوە قسەیان نەکردووە، بڕیاریانداوە هەوڵەکانیان هەماهەنگی بکەن و بەم نزیکانە قسە بکەن بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە.
