بەقائی: هیچ وادەیەك بۆ كۆبونەوەی نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا و وەزیری دەرەوەی ئێران دیاری نەكراوە
ئێران ڕۆژی دوشەممە ڕایگەیاند کە ناگەڕێتەوە بۆ دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە، "تا پێشوەختە ئەنجامەکەی پشتڕاست نەکرێتەوە"، هەروەها هیچ وادەیەك بۆ كۆبونەوەی نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دیاری نەكراوە.
ئیسماعیل باقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تا ئێستا "هیچ وادەیەکی دیاریکراو نییە" بۆ دیداری نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسان لەسەر ئەم بابەتە، بەقایی ڕونی کردەوە، "تا ئێستا هیچ ڕۆژ و کات و شوێنێکی دیاریکراو بۆ دەسپێكردنەوەی دانوستانەكان یان هەر دیدارێكی دیكە دانەنراوە".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەشكرد، ناگەڕێنەوە بۆ دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە "تا پێشوەختە ئەنجامەکەی پشتڕاست نەکرێتەوە".
عێراقچی و ویتکۆف لە مانگی (نیسان/4)ی ئەمساڵەوە پێنج خولی دانوستانیان ئەنجامدا، پێش ئەوەی ئیسرائیل لە 13ی (حوزەیران/6) هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکات و شەڕێکی 12 ڕۆژەی لێکەوتەوە.
