سبەینێ چوار پارێزگای عێراقی نیوەی پلەی كوڵان تۆماردەكەن
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی كەشناسی پێشبینییەكانی كەشوهەوای وڵاتی بۆ ڕۆژانی داهاتوو ڕاگەیاند و پێشبینی دەكات سبەینێ چوار پارێزگا نیوەی پلەی كوڵان تۆمار بكەن.
دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: سبەی پێنجشەممە، كەش و هەوا ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێك پەڵە هەور، هەروەها بای مامناوەندی باكووری ڕۆژئاوا دەبێتە هۆی دروستبوونی زریانی خۆڵبارین، پلەكانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبێت لە سەرتاسەری وڵات.
راشیگەیاند: زۆرترین پلەكانی گەرما بۆ سبەینێ بەم شێوەیە دەبێت؛ دهۆك 39، سلێمانی 41، هەولێر 42، كەركوك و نەینەوا 43، سەڵاحەدین و ئەنبار 44، دیالە و كەربەلا 47، بەغدا و بابل 48، واست و دیوانیە و نەجەفی ئەشرەف 49، و میسان و زیقار و موسەننا و بەسرە 50 پلە دەبێت.
رونیشیكردەوە: كەش و هەوای ڕۆژی هەینی ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێك پەڵە هەور و بای باكوری ڕۆژئاوای مامناوەند. پلەكانی گەرما لە ناوچەكانی باكور و باشوور هاوشێوە دەبێت، لە ناوچەی ناوەڕاستیش كەمێك دادەبەزێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: كەش و هەوای ڕۆژی شەممە ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێك پەڵە هەور، هەروەها بای مامناوەندی باكووری ڕۆژئاوا لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور زاڵ دەبێت، لەگەڵ ئاراستەی گۆڕاو لە ناوچەی باكور. پلەكانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبێت لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باكوور، و كەمێك نزمتر دەبێت لە ناوچەی باشوور.
ئاشكراشیكرد: كەشوهەوای ڕۆژی یەكشەممە لە سەرانسەری وڵاتدا ساماڵ دەبێت، لەگەڵ بای باكووری ڕۆژئاوای مامناوەند لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور، لەگەڵ ئاراستەی گۆڕاو لە ناوچەی باكوور. پلەكانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبێت لە سەرانسەری وڵاتدا.
