بافڵ تاڵەبانی بۆ رووداوە كارەساتاوییەكەی كوت پەیامێكی هاوخەمی بڵاوكردەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ رووداوە كارەساتاوییەكەی كوت، پەیامێكی هاوخەمی بڵاوكردەوە و وێڕای هیوا خواستن بۆ زوو چاكبوونەوەی بریندارەكان، رایگەیاند: "هاریكاری تەواوی خۆمان بۆ دانیشتوانی پارێزگاكە و حكومەتی خۆجێی و دامەزراوە تەندروستی و ئیدارییەكان رادەگەیەنین".
دەقی پەیامەكە:
بە خەمێكی قووڵەوە هەواڵی گیان لە دەستدان و برینداربوونی دەیان هاووڵاتی - مان پێگەیشت لە رووداوی ئاگرەكەوتنەوە كارەساتاوییەكەی یەكێك لە بازاڕەكانی پارێزگای واستی ئازیزدا.
لە كاتێكدا لەدڵەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ خوشك و برایانمان لەپارێزگاكە دەردەبڕین، بەشداری خەمیانین لەم كارەساتە گەورەدا .
دواكارین لە خوای گەورە رۆحی قوربانییەكانمان بۆ هەمیشە شادبكات، هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین و ئارامیش بە ئێمە و كەسوكاری قوربانیان ببەخشێت. هەروەها هاریكاری تەواوی خۆمان لەگەڵ دانیشتوانی پارێزگاكە و حكومەتی خۆجێی و دامەزراوە تەندروستی و ئیدارییەكان رادەگەیەنین.
