بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما چەند پارێزگایەکی عێراق دەوامیان راگرت
بەهۆی بەرزبوونەوی پلەکانی گەرما هەریەکە لە پارێزگاکانی بەسڕە و میسان و بابل دەوامی فەرمی دامودەزگاکانیان ڕاگرت.
پارێزگای میسان، ئەمشەو لە ڕاگەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "بڕیاری ڕاگرتنی دەواممان بۆ پاراستنی سەلامەتی فەرمانبەران و هاوڵاتیان داوە، ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما کە پارێزگاکە دەگرێتەوە ".
لەلایەكی دیكەوە پارێزگاری بەسرەش ڕاگرتنی دەوامی فەرمی ڕاگەیاند و لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، "سبەی یەكشەممە پشوی فەرمیە لە پارێزگاكە بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە".
لایخۆیەوە پارێزگاری بابل كەمكردنەوەی كاتی دەوامی ڕاگەیاند و عەدنان فەیحانی پارێزگاری بڕیاریدا بە، دەوامی فەرمی بەیانیان لە پارێزگا و بەشەکانی سەر بە پارێزگار لە کاتژمێر 7:00 بەیانی دەستپێبکات و کاتژمێر 1:00 پاشنیوەڕۆ کۆتایی پێبێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "شەفتی مەیدانی بەیانیان کە بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە کە لە دەرەوەی فەرمانگەکانیان کاردەکەن، لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی تا 10:00ـی بەیانی دەبێت، و ئێوارانیش لە کاتژمێر 10:00ی شەوەوە تا 2:00ـی بەرەبەیانی دەبێت".
بەپێی ڕاپۆرتەكانی کەشناسی، ناوچەکانی عێراق بەتایبەتی پارێزگاکانی باشوری وڵاتە، ڕوبەڕوی شەپۆلێکی توندی گەرما بونەتەوە كە پلەکانی گەرما دەگەنە سەرو 50 پلەی سەدی.
لەم هەلومەرجەدا حکومەتە خۆجێییەکان لە ژمارەیەك پارێزگا پشوی فەرمی ڕادەگەیەنن بۆ ڕاگرتنی دەوام. ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی کارمەندان لە کاریگەرییەکانی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر و پلەی گەرمی بەرز.
