وەزیری خوێندنی باڵا پەیامێکی لە بارەی بڕیاری قەدەغەكردنی زمانی كوردی لە چەند زانكۆیەکی عێراق بڵاوکردەوە
د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانسیتی ،پەیامێکی بارەی بڕیاری قەدەغەكردنی زمانی كوردی لە چەند زانكۆیەکی عێراق بڵاوکردەوە ،جەختیکردەوە هەر کەس و لایەنێک رێز لەکلتور و زمان و فەرهەنگی نەتەوەکەمان نەگرێت، ئێمەش بەهەمان پرەنسیپی "العین بالعین، والسن بالسن" مامەڵەی لەگەڵ دەکەین.
د. ئارام محەمەد، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی فیدراڵی بۆ قەدەغەکردنی میکانیزمی وەرگێڕانی پرسیارەکان لە تاقیکردنەوەکان و وانە وتنەوەکاندا، دژ بە پرەنسیپەکانی پێکەوە ژیان و ڕێز نەگرتنیشە لە کلتورو فەرهەنگی نەتەوە ناعەرەبەکانی ناو دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەتوندی ئەو بڕیارە سەرکۆنەی دەکەم و گەڕانەوەیەکی مەترسیداریشە بۆ کلتوری بەعسیزم و ناوەند گەرایی، کە ئەو قۆناغە لە زیهنییەتی گەلانی عێراق دا راپێچی ناو ئەرشیفەکانی مێژو کراون .
د. ئارام محەمەد باسی لەوەشكرد، پێویستە هەمولایەک ئەو راستیە باش بزانن کە هەر کەس و لایەنێک رێز لەکلتور و زمان و فەرهەنگی نەتەوەکەمان نەگرێت، ئێمەش بەهەمان پرەنسیپی «العین بالعین، والسن بالسن» مامەڵە لەگەڵ فەرهەنگ و کولتور و زمانیان دەکەین.
