دادگای گەندەڵی سەرۆکی حیزبی حەل بە تاوانی دەست پیسی سزا دەدات
سەرچاوەیەکی دادوەری بڵاویکردەوە، دادگای تاوانەکانی ناوەندی تایبەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی سزای ساڵێک زیندانی بەسەر سەرۆکی حیزبی "حەل"، جەمال کەربولی، بە هەڵپەساردن سەپاند.
ئەو سەرچاوەیە لەلێدوانێکیدا کە "موتەڵع" بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "دادگا بڕیاری خۆی لەسەر کەربولی دەرکردووە بەپێی بڕگەکانی ماددەی 453ی یاسای سزادانی عێراقی، "دەست پیسی".
کەربولی لە مانگی نیسانی ٢٠٢١ بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە گەندەڵی دارایی دەستگیرکرا، پێش ئەوەی لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ئازاد بکرێت.
جێی ئاماژەپێکردنە مادەی ٤٥٣ لە یاسای سزادانی عێراقی، ئاماژە بە تاوانی دەست پیسی یان (جریمه خيانه الامانه) دەکات و بەم جۆرە كە دەڵێت:
ھەركەسێك كرابێتە ئەمین لەسەر سامانێكی گوێزەرەوە كە پێی سپێردرابێت، بەڵام ئەو کەسە سامانەكە بۆ سودی خۆی یان بۆ سودی كەسێكی تر بەكاری بهێنێت یان بە مەبەستی خراپ دەسكاری سامانەكە بكات ئەوا بە تاوان دادەنرێت و بكەری تاوانەكەش سزا دەدرێت بە بەندكردن (حەپسكردن) یان پێبژاردن (غەرامە)، هەروەها ئەگەر بكەری تاوانەكە سەرۆكی دەزگایەكی خێرخوازی بێت وە تاوانەكەش تایبەت بێت بە سامانی دەزگایەكەی ئەوا سزایەكەی دەبێتە زیندانی كردن (سجنكردن) بۆ ماوەیەك كە لە ٧ ساڵ زیاتر نەبێت.
