وەزارەتی پلاندانانی هەرێم : ئاگاداری راپۆرتی پلاندانانی عێراق لەبارەی هەژارییەوە نین
وەزارەتی پلاندانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئاگاداری ئەو ڕاپۆرتەی كە ئەمڕۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاویکردەوە لەبارەی هەژارییەوە نین، ئاماژەی بەوەکرد "بەبێ ئاگاداریی هەرێم كراوە".
وەزارەتی پلاندانی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەم بەیانیە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە شاری بەغدا ئەنجامدا، تیایدا ڕاپۆرتی (هەژاری فرە ڕەهەند MPI) ڕاگەیاند کە بەهاوکاری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) ئامادەکرابو.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم ڕاپۆرتە بێ ئاگاداری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و دەستەی ئاماری هەرێم، ڕێکخراوە کە دەبوایە لە سەرەتاوە بە هاوبەشی کار لەسەر ئەم ڕاپۆرتەو وردە کارییەکانی بکرایە تاکو ڕاو بۆچونی حکومەتی هەرێم تیایدا جێگیر بکرابا، هەروەها پێویست بو کە دوا ڕەشنوس بە دەستمان بگات تاکو پێش وەخت ئەنجامەکانی پەسەند بکەین و ئامادە بین لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی و دواتر سود لە ئەنجامەکانی وەر بگرین.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، جێگەی ئاماژە پێکردنە ڕێژەکانی ئاماژەپێکراو لە ڕاپۆرتەکەدا پشتی بەستوە بە داتاکانی دوا ڕوپێوی (ئابوری و کۆمەڵایەتی خێزان) (2023 - 2024) و لە (2025 بۆ 2026) ئەنجامەکانی ڕاگەیەندرا و بە مەنهەجیەتی زانکۆی ئۆکسفۆردی بریتانی کاری لەسەر کراوە.
ئەوەشیخستەڕو، ساڵانی پێشتر پێکەوە لەگەڵ دەستەی ئاماری عیراق ڕاهێنان کرابو بۆ بەکارهێنانی نیشاندەرەکانی تاکو نەک تەنها هەژاری ماددی بنەمای پلان و ستراتیجەکان بێت (بە پێی ئەنجامەکانی ڕوپێوی ئاماژە پێکراو لە عیراق 19.3% و لە هەرێم 8.6%) بەڵکو ڕێبەری هەژاری فرە ڕەهەند دروست بکرێ بۆ پەنجە دانان لەسەر جۆرەکانی تری هەژاری لە کۆمەڵگا.
