وەزارەتی پەیوەندییەکان پڕۆژەیەکی نوێ بۆ خزمەتکردنی زیارەتکاران لە نەجەف ڕادەگەیەنێت
ئەمڕۆ هەینی،هیام یاسری وەزیری پەیوەندییەکان دەستپێکردنی پڕۆژەی سیستەمی پەیوەندیی یەکگرتووی بۆ خزمەتکردنی زیارەتکارانی نەجەف ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی پەیوەندییەکاندا کەدەستی موتەڵع کەوتووه، تێیدا هاتووە: “هیام یاسری وەزیری پەیوەندییەکان لە حەوشەی فاتیمەی زەهرا (سڵاوی خوای لەسەر بێت)، کە سەر بە مەزارگای عەلەوی پیرۆزە لە چوارچێوەی گڵکۆی ئیمام عەلی (سڵاوی خوای لێبێت) پڕۆژەی سیستەمی پەیوەندیی یەکگرتووی لە پارێزگای نەجەفی پیرۆز دەستپێکرد کە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ یادکردنەوەی زیارەتی ئەربەعینی ئیمام حسێن (سڵاوی خوای لێبێت)”.
ڕاگەیەندراوەکه ڕوونیکردووەتەوە: "پڕۆژەکە یەکەمین پڕۆژەیە لە جۆری خۆیدا لە عێراق، بەو پێیەی سەرجەم کۆمپانیاکانی پەیوەندییەکانی کارپێکردن یەکدەخات بۆ یەک سیستەم کە تەواوی ڕووبەری مەزارگەی پیرۆز دەگرێتەوە، کە لە 270 هەزار مەتر چوارگۆشە تێدەپەڕێت، بەسەر پێنج نهۆمدا دابەشکراوە. پڕۆژەکە پشت بە ژێرخانێکی پێشکەوتوو دەبەستێت کە پێکهاتووە لە زیاتر لە 350 خاڵی پەیوەندیکردن و درێژکردنەوەی تا 14 مەتر لە ژێر زەویدا، ئەمەش ڕێگە بە سیستەمەکە دەدات کە لە ژێر زەویدا بتوانێت". زیاتر لە 100,000 بەکارهێنەری هاوکات لەخۆبگرێت بەبێ پچڕان یان دەستێوەردانی خزمەتگوزاری."
لە وتەکانی دەستپێکیدا، وەزیری پەیوەندییەکان جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەت پابەندە بە دابینکردنی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر لە وەرزی زیارەتەکانی ئەربەعین، کە لە دەروازە سنوورییەکانەوە دەستپێدەکات و بە ڕێگاکانی زیارەتکاراندا تێدەپەڕێت بەسەر هەموو مەزارگە پیرۆزەکانی نەجەف، کەربەلا، کازمیە، و سامەڕا. هەروەها وەزارەت پشتگیری لە وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی حەشدی شەعبی دەکات بە تەلی ڕووناکی و خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ چاودێریکردنی کامێراکان و پاراستنی پەیوەندییەکان. هەروەها وەزارەتەکە کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکانی مۆبایلی عێراقی و ئێرانی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان کردووە.
یاسیری ڕایگەیاند: “دەرکردنی کۆمەڵێک مۆری پۆستە کە ڕووداوی کەربەلا و ڕووداوەکانی زیارەتی ئەربەعینی دۆکیۆمێنت دەکات، بۆ ناردنی پەیامێک بۆ جیهان سەبارەت بە قوربانییەکانی ئیمام حسێن (سڵاوی خوای لێبێت) و بنەماڵەکەی و هاوەڵەکانی”.
