وەزارەتی دەرەوە لیستی ئەو ناوە پاڵێورانەی پلەی باڵیۆز رەتدەكاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لیستی ئەو ناوە پاڵێورانەی پلەی باڵیۆز رەتدەكاتەوە كە لە تۆڕەكۆمەڵاتیەكاندا بڵاوكراونەتەوە و روونکردنەوە لسەر ئەو بابەتە دەدات، دەشڵێت، ئەمساڵ ١١ باڵیۆز خانەنشین دەبن و پێنج باڵیۆزی دیكەش لە ساڵی ٢٠٢٦.
ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی ئابی ٢٠٢٥، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە، بڵاویكردەوە، ئەم ماوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ژمارەیەك لیستی ساختە بڵاوکراونەتەوە کە ناوی پاڵێوراوان بۆ پلەی باڵیۆز لە وەزارەتی دەرەوە، ئەمەش دەنگۆ و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
وتیشی، ئەم بابەتە خراوەتە ناو گەرمەی کێبڕکێی سیاسی و هەڵبژاردن و بەرژەوەندیی کەسی لە لایەک، و لە لایەکی ترەوە، ئەم کردارە هەوڵێک بووە بۆ ناوزڕاندنی کادرە پیشەییەکانی وەزارەت و کادرە نیشتمانییەکانی دیكە، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵبەستراو ناڕاست دەربارەیانەوە.
باسی لەوەشکرد، ئەو لیستانەی بڵاوکراونەتەوە ساختەن و گوزارشت لە راستی ئەو ناوانە و پاشخانی نیشتمانی و پیشەیی و زانستییان ناکەن، چونکە لیستەکە ٥٠٪ی دیپلۆماتکارانی وەزارەت (بە پلەی وەزیری راسپێردراو یان راوێژکار) لەخۆدەگرێت، لەگەڵ کۆمەڵێک لە توانا نیشتمانی و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییەکان، بە پێچەوانەی لیستی ساڵی ٢٠٠٩، کە ٥٥ باڵیۆزی لە دەرەوەی وەزارەتەکە لەخۆگرتبوو بە رێژەی زیاتر لە ٩٠٪ بەرامبەر بە تەنها ٥ باڵیۆز لە ناوخۆی وەزارەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو زانیارییە چەواشەکارانەی کە دزەیان پێکراوە، لەگەڵ ئەو میکانیزمە دەستووری و یاسایی و کارگێڕییەدا ناگونجێت کە لیژنەکە لە رێکارەکانیدا پەیڕەو دەکرێت بۆ ئامادەکردنی باڵیۆزی پاڵێوراو کە شایستەی ناوی عێراق بن و ئەو کورتهێنانە گەورەیە پڕبکەنەوە کە لەم پۆستە گرنگەدا هەیە، کە گەیشتوەتە زیاتر لە ٩٠ پلە لە ناوەندی وەزارەت و لە نێردە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان لە دەرەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ٢٧ باڵیۆز لە خزمەتدان، ١١ یان گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی بۆ خانەنشینکردن، سەرەڕای نزیکبوونەوەی خانەنشینکردنی ٥ باڵیۆزی دیكە لە ساڵی ٢٠٢٦، ئەوەش کاریگەری لەسەر کارایی دیپلۆماسیەتی عێراقی لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی و گەلەکەی هەیە، بەو پێیەی چوار پۆستی بریکاری وەزیر و ١٨ فەرمانگە هەن کە بەپێی یاسا پێویستیان بە پلەی باڵیۆزە، لەگەڵ ٩٤ نێردەی دیپلۆماسی لە دەرەوە.
هەروەها، ئەوەشی ئاشکراکرد، لیستی هەڵبژێردراو ٢٣٪ی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییان و دورخراوە سیاسییەکانە، ٦٤٪ـی فەرمانبەرانی حکومی، ١٩٪ـی سیاسەتمەداران یان رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی یان ناوەندەکانی هۆشیاری، و ١٧٪ی ئەکادیمییەکانی زانکۆکانی عێراق لەخۆدەگرێت، کە ٦٢٪ـی پاڵێوراوەکان هەڵگری بڕوانامەی باڵای زانکۆن و ٣٨٪یان هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسن.
