دوو رۆژ ماتەمینیی گشتی لە پارێزگایەکی هەرێم راگەیەندرا
لەدوای گیانلەدەستدانی دوو کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەی لە شنوری پارێزگای هەڵەبجە، دوو رۆژ ماتەمینی گشتی لە پارێزگاکە راگەیەندرا.
پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “بە دڵێکی پڕ لە خەم و پەژارەیەكی زۆرەوە، پارێزگاکەمان رووبەڕووی کارەساتێکی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە بوویەوە لە ناوچەکانی چنار و مۆردین و نەیجەڵە، کە بەداخەوە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو رۆڵەی دڵسۆزی پارێزگاکەمان. ئەم دوو هاووڵاتییە خۆشەویستە، کە لەپێناو پاراستنی ژینگە و خاکدا گیانیان بەخشی، ئێمە وەک “شەهیدی ژینگەی هەڵەبجە و کوردستان” ناویان دەبەین”.
ئاشکراشیکرد، “بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکیان و هاوبەشیکردنی خەمی بنەماڵە بەڕێزەکانیان، پارێزگای هەڵەبجە بڕیاریدا بە راگەیاندنی ماتەمینی گشتی بۆ ماوەی دوو رۆژ”.
جەختیشیکردەوە، “ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگا رەسمییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ نیوە دادەگیرێت، سەرجەم ئاهەنگ و بۆنە و چالاکییەکی شادی ئامێز رادەگیرێت وەک رێزێک بۆ رۆحی پاکی شەهیدەكانمان”.
