گەڕاندنەوەی ٢٥ كۆچبەری كورد لە لیبیاوە بۆ هەرێم
وزارەتی دەرەوە رایگەیاند ٢٥ کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان لەلایەن باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دوای ئازادکردنیان لە زیندان دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێم.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەحمەد سەحاف، بەرپرسی باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، "سۆراغی ٢٥ کۆچبەری کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستانمان کرد و توانیمان بیاندۆزینەوە و لەلای ئێمە پارێزراون، بەم نزیکانە مامەڵەکانی رەوانەکردنەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان تەواو دەکرێت".
وتیشی، ئەو کۆچبەرانە خەڵکی رانیەی ناوەندی ئیدارەی راپەڕینن لە پارێزگای سلێمانی و لە رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی لیبیادا سۆراغیان کردوون.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کۆچی نایاسایی لە رۆژهەڵاتی لیبیا توانیویانە ئەو کۆچبەرانە ئازاد بکەن، هەموویان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانین.
لای خۆشیەوە، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم بڵاویكردەوە، بە هەوڵی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ٢٥ کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیا ئازاد دەکرێن و دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
چەند رۆژێک بەر لە ئێستا، بە هەماهەنگی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا، توانرا شەش گەنج لە بەندیخانەکانی ئەو وڵاتە ئازاد بکرێن و بگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان.
