ئێران...سوپای پاسداران کوشتنی 13 تیرۆرستی ڕاگەیاند
سوپای پاسداران کوژرانی 13 چەکداری ئەو گرووپانەی کە بە "تیرۆریست" وەسفی کردوون و دەستگیرکردنی چەند کەسێکی دیکەی لە سێ ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە شارەکانی ئێرانشار، خاش و سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران ڕاگەیاند.
بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، بە بەشداریی هێزەکانی هەواڵگری و ئاسایشی ناوخۆ کراون و لە ئەنجامدا کۆمەڵێک چەکدار کوژران و چەند چەکدارێکی دیکە دەستگیرکران.
لەوبارەوە، عەمید قاسم ڕەزایی، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئێران، دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە چاودێرییکردن و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بەردەوامن، جەختیشی کردەوە، "هیچ ئۆپەراسیۆنێک بەبێ زانیاریی ورد ناکرێت."
سەرەتای ئەم مانگە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران لەکاتی هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر بنکەیەکی پۆلیسی پارێزگای سیستان چوار کەس کوژران.
