حاڵەتێکی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە دهۆک تۆمارکرا
ئەمڕۆ شەممە ،وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، رایگەیاند، حاڵەتێکی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە دهۆک تۆمارکرا.
وەزارەتی تەندروستیی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، تووشبوویەکی دیکەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، ئەویش پیاوێکی دانیشتووی سێمێڵە، تەمەنی 43 ساڵە پیشەی قەسابە، بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە، دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردن بە نەخۆشییەکە و بوونی نیشانەکانی، چەندین رێکاری چارەسەری پزیشکی بۆ گیراوەتەبەر.
ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تاوەکو ئێستا باری تەندروستیی جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی وتیشی، داوا لە هاوڵاتییان دەکەین لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگاداربکەنەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو هاوڵاتییانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی هەیە لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، لەماوەی رابردوو نۆ حاڵەت دەستنیشانکراون دووانیان لەبەر قورسیی باری تەندروستییان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانەی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە.
