گەڕاندنەوەی پێنج ملیار دینار لە تاوانێکی ساختەکاریی دارایی
ئەمڕۆ چوارشەممە،دادگای لێکۆڵینەوەی دووەمی کەرخ، گەڕاندنەوەی پێنج ملیار دیناری لە تاوانێکی ساختەکاریی داراییدا ڕاگەیاند.
دەسەڵاتی دادوەری لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە : دادگای لێکۆڵینەوەی دووەمی کەرخ بڕی پێنج ملیار دیناری عێراقی لە تاوانێکی ساختەکاریی داراییدا گەڕاندەوە.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە : ئەو بڕە پارەیە لە دوو کۆمپانیای سەرپێچیکاری یاسا وەرگیراوەتەوە کە بۆ بەدەستهێنانی جیاوازیی نرخی دۆلار لە پڕۆسەی گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات، ڕێگای ساختەکارییان بەکارهێنابو.
بەگوێرەی ناوەرۆکی راگەیەندراوەکە : دادگای لێکۆڵینەوەی دووەمی کەرخ بە هەوڵێکی زۆر و بە سەرپەرشتیی دادوەری یەکەمی دادگاکە، ئەم بڕە پارەیەی گەڕاندەوە، و ئەم هەوڵانە بەردەوامن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژی ئەو کۆمپانیایانەی دیکەش کە هەمان شێوازی پێچەوانەی یاسا بەکاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی.
