ڕەزامەندی بۆ دەستپێکردنی واژۆی ئەلیکترۆنی بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت دەدرێت
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دەستپێکردنی واژۆی ئەلیکترۆنی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت و هاووڵاتیان
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دەستپێکردنی واژۆی ئەلیکترۆنی بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت و هاووڵاتیان، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای واژۆی ئەلیکترۆنی و مامەڵەی ئەلیکترۆنی ژمارە (78)ی ساڵی 2012 و ڕێنماییەکانی کە لە ساڵی 2025 دەرچووە، بەڕێزیان و وەزیری پەیوەندییەکان دوو واژۆی ئەلیکترۆنی فەرمی یەکەمیان ئەنجامدا.
وتیشی سودانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕێوشوێنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لە گرنگترین بەڵێنەکانی حکومەت کە لە بەرنامەی حکومەتەکەیدا هاتووە بۆ گۆڕینی دیجیتاڵی و ئۆتۆماتیکیکردن و سادەکردنەوەی ڕێکارەکان و کاریگەری بەرچاوی لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان هەیە و گەندەڵی کارگێڕی و دارایی و ئەو ڕێوشوێنانەی پەیوەستن بە مامەڵەی کاغەزەوە کەمدەکاتەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەی ڕوون کردەوە کە ئەم ڕێوشوێنە بە فەرمی لە ئاستی جیهانیدا دانپێدانراوە، متمانەی هاووڵاتیان بە ڕێکار و دامەزراوەکانی دەوڵەت بەرز دەکاتەوە لە پەسەندکردنی ئەم جۆرە مامەڵە دیجیتاڵی و حکومییە، کە هەموو مامەڵەی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت دەگرێتەوە، هەروەها ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی پەیوەندییەکانی کرد، کە پێداویستییەکانی بۆ ئەم هەنگاوە دابینکرد لەڕێگەی دامەزراندنی سەنتەری داتا و ڕاهێنانی کارمەندانی تایبەتمەند بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردن.
سودانی ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت بە چەند ڕێڕەوێک لە بواری گۆڕینی دیجیتاڵی دەڕوات، لەوانە دامەزراندنی پێکهاتەی کارگێڕی و ناوەندی تایبەتمەند، ڕاکێشانی کارمەندانی شارەزا، و پەسەندکردنی ئامرازی ئەلیکترۆنی بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان لەگەڵ وەزارەتە جیاوازەکان، ئەم ئامانجە ئەوەیە کە مامەڵەی هاووڵاتیان بە پێی نوێترین شێوازەکان ئەنجام بدرێت و بەدیهێنانی ئامانجەکانی حکومەت بۆ چاکسازی ئیداری.
