پێنجشەممە 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی حەوت دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە، 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگی حەوت دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق و جەختیش دەكاتەوە كە كێشە بۆ ناردنی موچەی مانگی حەوت دروست نابێت.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم بە میدیای پارتی وت، سبەی پێنجشەممە، 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بۆ مانگی حەوت دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە لقی هەولێر بانكی ناوەندی.
لەبارەی ئەوەی كە ئایا هیچ بەربەستێك بۆ ناردنی موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دروست نابێت، پێشەوا هەورامانی وتی، لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی موچەی مانگی حەوت دراوەو نابێت هیچ ئاستەنگێك بۆ ناردنی دروست بكرێت و وەزیرێك ناتوانێت پێچەوانەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كاربكات، بۆیە هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نابێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەی خۆیدا، وەزیری دارایی و ئابوری ڕاسپارد کە بە زوترین کات، بڕی 120 ملیار دیناری دیکە، وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی بۆ مانگی تەموزی ساڵی 2025 بخەنە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.
