سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین: ناكرێت لێره به‌كوردی قسه به به‌غدا بڵێین و به عه‌ره‌بی ستایشییان بكه‌ین
سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوی ئیسلامی رایگه‌یاند، ناكرێت لێره به‌كوردی قسه به به‌غدا بڵێین و به عه‌ره‌بی ستایشییان بكه‌ین. ده‌شڵێت، لۆژیكی نییه لێره سته‌م له حزبه‌كه‌ی تر بكه‌یت و بته‌وێت له به‌غدا هاوده‌نگت بێت.
سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان، له‌میانی ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی لیستی حزبه‌كه‌یدا وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و له‌باره‌ی ئاشته‌وایی ناوخۆیی وتی"ناكرێت لێره شه‌ڕمان بێت و له به‌غدا ئاشت بین، ئه‌مه لۆژیكی نییه تۆ لێره سته‌م له هاوڵاتییه‌كه‌ت و له حزبه‌كه‌ی تر بكه‌یت، بته‌وێت له به‌غدا هاوڕێ و هاوده‌نگت بێت، ئه‌مه هه‌ر خۆی تێكدانی بنه‌مای پێكه‌وه‌یی و تۆكمه‌یی ناوخۆییه‌و مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه و ناكۆكی و دابه‌شبون دروست ده‌كات."
هه‌روه‌ها وتیشی، ناكرێت لێره به كوردی قسه به به‌غدا بڵێین و به عه‌ره‌بی ستایشیان بكه‌ین، ده‌بێت دوربین له هه‌ر ئه‌جێندایه‌ك كه عێراقی فیدراڵی ده‌خاته به‌ر مه‌ترسی و كێشه‌ی بۆ دروست ده‌كات، چونكه دروست نییه تۆ سوێند ئه‌خۆی كه دڵسۆز بیت بۆ عێراق، چۆن خۆت یان حزبه‌كه‌ت پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه هه‌نگاو بنێت.
به‌قسه‌ی سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، قه‌واره‌ی هه‌رێم بۆ ئه‌وان "ستراتیژه‌و هێڵی سوره."
وتیشی"په‌یڕه‌وكردنی ئیسلام به رزگاریی گه‌ل و میلله‌تی خۆمان ده‌زانین."
له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وتی، باشوری كوردستان چه‌قی مه‌سه‌له سیاسییه‌كانی كوردستانی گه‌وره‌یه. شكست له هه‌رێمی كوردستان، ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی له‌سه‌ر كوردانی به‌شه‌كانی تری كوردستان ده‌بێت.
