وەزارەتی ناوخۆ پۆبجی و فۆرتنایت و رۆبلۆکس لە عێراق قەدەغە دەکات
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، وەزارەت بڕیاریداوە یارییە ڤیدیۆییەکان کە هانی توندوتیژی دەدەن قەدەغە بکرێت.
مەنسور عەلی، یاریدەدەری بریکاری وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ کاروباری پۆلیس لە لێدوانێکدا کە ڕاژانسی موتەڵع بەدواداچونی بۆ کردووە ووتی: لە چەند مانگی داهاتوودا یارییە ڤیدیۆییەکانی وەک PUBG و Fortnite و Roblox قەدەغە دەکرێن و ڕادەگیرێن، بەو پێیەی بوونەتە مەترسی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەفیڕۆدانی پارە و کاتی منداڵان و هەرزەکاران.
مەنسور عەلی ئاماژەی بەوەدا کە: "قەدەغەکردنی ئەم یارییانە لەسەر بنەمای یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2013 دەبێت کە هاوردەکردن و بەرهەمهێنان و مامەڵەکردن و فرۆشتنی ئەو یارییانە قەدەغە دەکات کە هاندەری توندوتیژی و یارییە ئاگرینەکانن کە هەڕەشە لە ئاسایش دەکەن".
یاریدەدەری بریکاری وەزیری ناوخۆی عێراق ڕوونیکردەوە کە: "لەسەر داوای وەزارەتی بازرگانی، لیژنەی نیشتمانی هەمیشەیی بۆ ڕێکخستنی چەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیس و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی یارییە ئاگرینەکان و کەلوپەلی توندوتیژ دەستپێکردووە".
بەپێی ئەو یاسایەی پێشتر ئاماژەمان پێدا، هەرکەسێک ئەم یارییانە هاوردە بکات، بەرهەمبهێنێت، مامەڵەی لەگەڵدا بکات، یان بیفرۆشێت کە هاندەری توندوتیژی یان یارییە ئاگرینەکانی مەترسیدارە، سزای زیندانیکردنی زیاتر لە سێ ساڵ یان غەرامەکردنی بە بڕی ١٠ ملیۆن دیناری عێراقی دەدرێت.
مەنسور عەلی ڕایگەیاند: "ساڵی ڕابردوو زیاتر لە تەنێک دەستی بەسەردا گیراوە، ئەمساڵیش تا ئێستا لەنێوان 4 بۆ 5 تۆن یارییە ئاگرینەکان دەستی بەسەردا گیراوە".
بە وتەی ئەو بەرپرسە، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 200 کەس بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە برینداربوون، هەندێکیان بە سەختی برینداربوون.
