وەزارەتی دادی عێراق سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ چاودێریکردنی زیندانەکان دادەنێت
وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، بە مەبەستی بەردەوام دڵنیابوون لە دۆخی زیندانەکان، لەمەودوا وڵاتەکەی لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە چاودێری سەرجەم زیندانەکان دەکات و کەسوکاری زیندانییانیش ئاگادار دەبن.
ئەمڕۆ شەممە ١٨ـی تشرینی یەکەمـی ٢٠٢٥، ئەحمەد لەعیبی، وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق وتی، وەزارەت سیستمی کامێرای چاودێریی پێشکەوتوی لەناو زیندانەکان جێگیر کردووە، کە بە نووسینگەی بەڕێوەبەری گشتیی و وەزیریش بەستراونەتەوە بۆ چاودێریکردنی کارەکان.
باسی لەوەشکرد، سیستمەکە هۆکارێکی باشی چاودێریکردنی زیندانەکانە و کەسوکاری زیندانییەکانیش دەتوانن لە دۆخی تەندروستی و شوێن و کاتی ئازادکردنیان دڵنیاببنەوە بەڕێگەی ئۆنلاین.
وتەبێژی وەزارەتی داد وتیشی، لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکان لە قۆناغی گرێبەستدان بۆ قەدەغەکردنی سیگناڵی مۆبایلەکان لەنێو زیندانەکان بە مەبەستی رێگریی لە پەیوەندییە نایاساییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا کابینەی تایبەت بە پەیوەندییەکانی زیندانییان بەپێی رێنماییەکان دابین دەکرێت.
