سەرۆک کۆمار جەخت لەسەر پەرۆشی پتەوکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی لەگەڵ پاکستان دەکاتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە, سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید لە پەراوێزی دووەمین کۆبوونەوەی لووتکەی جیهانی بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی کە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ ئاسف عەلی زەرداری سەرۆک کۆماری ئیسلامی پاکستان و وەفدی یاوەری کۆبووەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا ، کەدەستی موتەڵع کەوتووە ،تیایدا هاتووە : "سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید ڕۆژی سێشەممە 4 ی تشرینی دووەمی 2025 لە پەراوێزی دووەمین کۆبوونەوەی لووتکەی جیهانی بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی کە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ ئاسف عەلی زەرداری سەرۆک کۆماری ئیسلامی پاکستان و وەفدی یاوەری کۆبووەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد ،"لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا و گرنگی پەرەپێدانی هاریکاری نێوان هەردوو گەلی دۆست لە خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا تاوتوێکران".
و تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی "لەسەر پەرۆشی پتەوکردنی پەیوەندییە دۆستانەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پاکستان و پێویستی هەماهەنگی لەسەر پرسە هاوبەشەکان و کارکردن بۆ چەسپاندنی بنەماکانی سەقامگیری و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام لە ناوچەکەدا کردەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد ، "هەردوولا دوایین پێشهاتەکانیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی تاوتوێکرد و جەختیان لەسەر گرنگی پشتیوانیکردنی هەوڵەکان کردەوە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی زمانی دیالۆگ بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ پتەوکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ،سەرۆک لەتیف جەمال ڕەشید جەختی لە "پێویستی کۆتاییهێنان بە دەستدرێژی بۆ سەر غەزە کردەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بگرێتە ئەستۆ بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی خۆراک و یارمەتی پزیشکی بۆ گەلی فەلەستین و هەڵوێستی جێگیری کۆماری پاکستانی بەرز نرخاند لە پشتیوانیکردن لە دۆزی فەلەستین و پشتگیریکردنی گەلی فەلەستین لە هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان".
هەروەها "هەردوو سەرۆک بابەتەکانی ئەجێندای دووەمین لووتکەی جیهانی بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییان تاوتوێکرد و بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد سەبارەت بەو بڕیارانەی کە بڕیارە لە کۆنفرانسەکەدا دەربکرێن و تەئکیدییان لەوە کردەوە کە ئەو بڕیارانە یارمەتیدەر بن بۆ پاڵپشتیکردنی کێشەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهان".
ئاماژەی بەوەشکرد ، کە "لای خۆیەوە سەرۆکی پاکستان سوپاسی خۆی بۆ عێراق و گەلەکەی دەربڕی و خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری دوولایەنە و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی نێوان هەردوو وڵات دووپاتکردەوە و ستایشی ڕۆڵی گرنگی عێراقی کرد لە پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا".
