كۆمكاری عەرەبی: شانازی بە ئەزموونی دیموكراسی و ڕێكخستنی لە عێراق دەكەین
ئەمڕۆ یەكشەممە، یاریدەدەری سكرتێری گشتی كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبی و سەرۆكی شاندی چاودێری كۆمكاری عەرەبی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2025 باڵیۆز فائد مستەفا، ڕایگەیاند: هەڵبژاردنەكانی عێراق بە شێوەیەكی زۆر ئاسایی و ڕێكخراو بەڕێوەدەچن، و ستایشی ڕێكخستنی هەڵبژاردنەكانی عێراقی كرد.
مستەفا بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ڕاگەیاند: كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبی سورە لەسەر بەشداریكردن لە هەموو قۆناغەكانی هەڵبژاردن لە عێراق بە شێوەیەكی ڕێكوپێك لە ڕێگەی شاندەكانی كە پسپۆڕ و شارەزای كاروباری هەڵبژاردن لەخۆدەگرن، و وتیشی: سكرتێری گشتی ئەحمەد ئەبولغەیت فەرمانی دەركرد، دوای وەرگرتنی داواكاری لە برایانمان لە عێراق، بۆ پێكهێنانی شاندێكی تایبەت كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر گەیشتە بەغدا و دەستی بە ئەركەكانی كرد لە بەدواداچوون و چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
رونیشیكردەوە: ئێمە لە كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبی زۆر دڵخۆشین بەم ڕێڕەوی هەڵبژاردن و ئەزموونی دیموكراسی عێراق كە شانازی پێوە دەكەین و هیوای گەشەكردن و پێشكەوتنی بۆ دەخوازین، و وتیشی: شاندەكە سەردانی ژمارەیەك بنكەی دەنگدانی كردووە و ئاستێكی بەرزی ڕێكخستن و هەوڵێكی زۆری لیژنەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دەزگا ئەمنییەكانی بینیوە لە پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا.
ئاشكراشیكرد: كەشوهەوای گشتی ئەرێنی و ڕێكخراو و بە شێوەیەكی زۆر سادە بەڕێوەدەچێت، و وتیشی: ئەم ئەزموونە هەڵبژاردنە نموونەیەكی ئەرێنییە و لە جیهانی عەرەبیدا دەبێتە سەرمەشق و پابەندبوونی عێراق بە ڕێبازی دیموكراسی نیشان دەدات.
