مەسعود بارزانی لە یادی 241 ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانیدا پیرۆزبای لە خەڵكی شارەكە دەكات
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یادی 241 ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانیدا، پیرۆزبای لە خەڵكی شارەكە دەكات و دەشڵێت، "سلێمانی بەشی ئازیزی كوردستانە، شاری شەهیدانی ۹ی حوزەیران و مەنعە تەجەوەلەكەی 1963 و شاری بەگژداچونەوەی ستەمكار و زۆردار و ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانە".
بارەگای بارزانی ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە پەیامێكی مەسعود بارزانی بە بۆنەی 241 ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانیەوە بڵاویكردەوە كە تێدا هاتوە، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی، شاری شێخی نەمر و شاری هەڵمەت و قوربانی دەكەم. لەم یادەدا هیوای ئارامی و ئاسودەیی بۆ خەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانی دەخوازم و شایستەی هەمو جۆرە پێشكەوتن و پێشەنگین.
ئاماژەی بەوەشكردوە، سلێمانی وەك هەر شار و دەڤەرێكی تری كوردستان هەمیشە شوێنی هەڵكەوتنی ئەدیب و شاعیر و كەسایەتی و تێكۆشەر و شۆڕشگێڕانی كورد بوە و ڕۆڵی گەورەی لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا گێڕاوە. لە سەرەتای چلەكانی سەدەی بیستەمدا شاری سلێمانی بە هەمو چینوتوێژەكانیەوە باوەشی گەرمی بۆ بارزانیی نەمر و بارزانییە دورخراوەكان كردەوە، ئەو ڕێز و پێشوازییە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە.
مسعود بارزانی لە پەیامەكەیدا دەشڵێت، "سلێمانی بەشی ئازیزی كوردستانە، شاری شەهیدانی ۹ی حوزەیران و مەنعە تەجەوەلەكەی 1963 و شاری بەگژداچونەوەی ستەمكار و زۆردار و ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانە".
ئەمڕۆ 241 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی شاری سلێمانی كە لەسەر دەستی ئیبراھیم پاشای بابان لە 14ی (تشرینی دوەم/11)ی ساڵی 1784دا پایتەختی میرنشینی بابانی لە قەڵاچوالانەوە گواستوەتەوە بۆ سلێمانی.
