هومام حەمودی و مەندەلاوی جەخت لەسەر پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان دەکەنەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە"شێخ هومام حەمودی"سەرۆکی هاوپەیمانی "ئەبشر یا عێراق" و "موحسین مەندەلاوی"جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی هاوپەیمانی "ئەساس"جەختیان لەسەر پێویستی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان کردەوە.
نووسینگەی شێخ "هومام حەمودی " لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند : "شێخ هومام حەمودی"سەرۆکی هاوپەیمانی 'ئەبشر یا عێراق"پێشوازی لە "موحسین مەندەلاوی"جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی هاوپەیمانی "ئەساس" کرد، و تیایدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەو کەشە ئارام و بێ کێشەیەیان لە یەکتر گۆڕییەوە کە ویستی گەل و پابەندبوونی بە ڕێچکەی دیموکراسیی نیشاندا.
بەگوێرەی ناوەرۆکی بەیاننامەکە : هەردوو لا جەختیان لەسەر پێویستی پابەندبوون بە وادە دەستووری کردەوە بە شێوەیەک کە متمانەی هاوڵاتییان بە دامەزراوە دەستوورییەکان بەهێز بکات.
هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە : هەردوولا جەختیان لە گرنگی لێکتێگەیشتن لە نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە لە داڕشتنی دیدگایەکی نوێ بۆ میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران، کە لەسەر سازانی نیشتمانی و پێشخستنی بەرژەوەندی باڵای وڵات بێت و وانە لە ئەزموونەکانی پێشوو وەربگرێت.
هەروەک "شێخ هومام حەمودی" جەختی لەوە کردەوە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە دانایی و بەرپرسیارێتییەکی زۆر هەیە، و سەرکەوتنی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی بە دڵسۆزی هەمووان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز لە ئاستی ئاستەنگەکاندا بەندە، و ئاماژەی بەوەشدا کە گەل ئەرکی خۆی بە بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکاندا جێبەجێ کردووە و پێویستە بەرپرسانیش ئەرکی خۆیان بە شێوەیەکی دروست لە خزمەتکردنی گەل و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕاستکردنەوەی هەڵە و لادانەکاندا جێبەجێ بکەن.
