مەسرور بارزانی: قبوڵی ناکەین دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردن بکرێت
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردن راگەیەندراوە و وەكو پارتی هیچ هەوڵێك بۆ گۆڕینی ئەنجامەكان قبوڵ ناكەین. دەشڵێت، "پێویستە یاسای هەڵبژاردن بگۆڕدرێت، چونكە ئەمەی ئێستا دادپەروەرانە نیە".
مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە دهۆك ڕایگەیاند، هەمو لایەك شایەتی ئەوەیان بۆ ئەدەن كە پارتی هەر لە سەرەتاوە ویستویەتی كابینەی حكومەتی هەرێم زو دەستپێبكات. لایەنەكانی تر ئەبێ بەرپرسیارێتی دواخستنی هەڵبگرن.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەرچەندە یاسای هەڵبژاردن هیچ دادپەروەرییەکی تێدا نەبو، لە کاتێکدا پارتی بە زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دەنگ تەنیا 27 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام لایەنی دیکە هەن بە 680 هەزار دەنگ کە نیوەی دەنگەکانی پارتییە، ئەوەش کێشەیەکی یاساییە و پێویستە یاساکە بگۆڕدرێت.
مەسرور بارزانی، دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ڕەتکردەوە و دوپاتی کردەوە، "ئێمە وەک پارتی قبوڵی ناکەین دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردن بکرێت".
