هێزەکانى سنوور: له 90٪ی ناوچە سنوورییەکان لە ژێر چاودێریدان
ئەمڕۆ شەممە ،هێزەکانى سنوور لە عێراق رایگەیاند، بە هەزار کامێراى حەراری چاودێریى سنوورەکان دەکرێت و بەوەش 90٪ی ناوچە سنوورییەکان لە ژێر چاودێریدان.
هێزەکانى سنوور لە عێراق لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەساڵى 2022 تەنیا 200 کامێراى حەرارى بۆ چاودێرى سنوورەکان دانرابوون، بەڵام ساڵى 2025 ژمارەى کامێراکان زیادکران بۆ هەزار کامێرا، لەو ڕێگەیەوە چاودێرى لە 90٪ سنوورەکانى عێراق دەکرێت".
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو کامێرا چاودێریانە راستەوخۆ بەستراون بە سێرڤەرێک لە بەغدا و لەیەک سەنتەر چاودێریى سنوورەکان دەکرێت، جگە لە کامێراکان، لە رێگەى فڕۆکەى چاودێریشەوە چاودێریى سنوورەکانى عێراق دەکرێت.
لە کۆتایى راگەیێنراوەکەدا هێزەکانى سنوورى عێراق دەڵێت، لە مێژووى دروستبوونى دەوڵەتى عێراق نەتوانراوە بەو شێوەیە چاودێریى سنوور بکرێت بەتایبەت سنوورەکانى نێوان عێراق و سووریا لە 100٪ لە ژێر کۆنترۆڵدان و 24 کاتژمێر چاودێریی دەکرێن.
