سەرۆکایەتی کۆمار سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی کۆمار سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر کرد
،جەختی کردەوە کە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر دەربارەی هێرشەکە بکرێت.
لە بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماردا هاتووە : سەرۆکایەتیی کۆمار بە توندی سەرکۆنەی ئەو پەلامارە تاوانکارییە دەکات کە کرایە سەر کێڵگەی غازی سروشتیی کۆرمۆر لە شاری سلێمانی، و بووە هۆی زیانگەیاندن بە دابینکردنی وزە لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی وڵات.
بەیاننامەکە دەشڵێت: ئەم تاوانە قێزەونە بە هەوڵێکی بێئومێدانە دادەنرێت بۆ بەئامانجگرتنی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە وڵات بەدەست هاتووە، هەروەها لێدان لە ئابووریی نیشتمانی و نانەوەی ئاڵۆزی و پشێوی.
سەرۆکایەتیی کۆمار جەختی لە پێویستیی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و جددی دەربارەی ئەم پەلامارە و ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی کردەوە، هاوکات داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کرد ڕیزەکانیان یەکبخەن و کاری هاوبەش بکەن لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و ڕێگەگرتن لە هەر هەوڵێک بۆ نانەوەی توندوتیژی و ئاڵۆزی.
