ساڵێک لەدەستکەوت... دەروازە سنوورییەکان بەرزترین داهات لە مێژوودا تۆمار دەکات
ئەمرۆ یەکشەممە،دەستەی گشتیی دەروازە سنوورییەکانی عێراق،ئاشکرایکرد : بۆ یەکەمجار لە مێژووی دەستەکەدا، داهاتی ساڵی 2025 ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 2 ترلیۆن و 200 ملیار دینار،وتەبێژی دەستەکە ڕایگەیاند کە ئەم دەستکەوتە بەهۆی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی ڕێکارەکان، نەهێشتنی مامەڵەی کاغەزی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییەوە بەدەست هاتووە.
"عەلائەددین قەیسی" وتەبێژی دەستەکە ، لەبەیاننامەیەکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە رایگەیاند: کۆنترۆڵی توندی پرۆسەی حەواڵەی پارە کراوە بۆ ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە، هەروەها لە ڕووی ئەمنییەوە دەست بەسەر 725 ئۆتۆمبێلی "خوار مۆدێل"ـدا گیراوە کە بە نیازبوون بە قاچاخ بیهێننە ناو عێراق، هاوکات ڕێگری لە هاتنەناوەوەی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر و دەرمانی نایاسایی و خراپ کراوە.
ووتیشی : بۆ باشترکردنی کارەکان، سیستەمی GPS بۆ چاودێریی بازرگانیی ترانزێت بەکار هێنراوە و سەرجەم سۆنارەکان بە تۆڕێکی ئەلیکترۆنییەوە بەستراونەتەوە. راشیگەیاند : لە دۆسیەی باجیشدا، لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە کۆمپانیاکان ناچار کراون پاکانەی باج بکەن، کە ئەمەش سەرچاوەی داهاتی دەوڵەتی زیاتر کردووە.
