عێراقچی: ئێران هێشتا باوەڕی بەوە نیە کە واشنتن ئامادەی دانوستانی جددی و ڕاستەقینە بێت
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەكەی "هێشتا باوەڕی بەوە نیە" کە واشنتن ئامادەی دانوستانی "جددی و ڕاستەقینە" بێت، بەڵام "ئەگەر ئەوان ڕێبازی خۆیان بگۆڕن و ئامادەی دانوستانی ئاسایی و دولایەنە بن، ئێمەش ئامادەین". دەشڵێت، "تاران ئامادەیە سنوردارکردن لەسەر ئاستەکانی پیتاندن و جۆرەکانی ئامێری سەنتەرفیوج قبوڵ بکات".
عەباس عەراقچی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ژاپۆنی "کیۆدۆ" ڕایگەیاند، هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران "گەورەترین پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆردومان کراون و وێران بون و زیانی زۆریان بەرکەوتوە"، و ئەو هێرشانە "گەورەترین پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکانە" دژی دامەزراوەیەکی ئەتۆمی کە لەژێر گرەنتی و چاودێری "ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم"دایە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە دانوستانە ئەتۆمییە وەستاوەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، جەختی کردەوە کە تاران هێشتا کراوەیە بەڕوی دیپلۆماسیدا، بەڵام تەنها لە ژێر بارودۆخێکدا کە ئەنجامەکەی "دادپەروەرانە و هاوسەنگ" بێت. هەروەها وتی، "ئەم بابەتە بەستراوەتەوە بە ئەمریکاوە"، هەرچەندە هێشتا وڵاتەكەی باوەڕی بەوە نیە كە ئەمریكا ئامادەی دانوستانێكی جدی بێت.
عەراقچی لەبارەی ناكۆكیەكانەوە وتی، "ناکۆکی سەرەکی هێشتا بریتییە لە ڕەتکردنەوەی واشنتن بۆ داننان بە مافی ئێران لە خاوەندارێتی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئاشتیانە"؛ لەوانەش پیتاندنی یۆرانیۆم، بەپێی "پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)"، کە پەیماننامەیەکە ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە بچێتە ناویەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران ئامادەیە سنوردارکردن لەسەر "ئاستەکانی پیتاندن" و جۆرەکانی ئامێری سەنتەرفیوج قبوڵ بکات، و جەختی کردەوە کە دانوستانەکان "دەتوانن بە خێرایی بەرەوپێش بچن ئەگەر ئەمریکا ڕێبازێکی دولایەنە بگرێتەبەر و بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیانەکەی ئێران قبوڵ بکات و سزاکان هەڵبوەشێنێتەوە".
