ترەمپ ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی ڕۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نوێی ئاشکرا کرد کە لەلایەن ئەفسانەی پورتوگالی، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، کاپتنی تیمی نەسری سعودیەوە پێی گەیشتووە.
ئەمەش دوای دیدارەکەیان دێت لە کۆشکی سپی لە میانی سەردانی شاندێکی سعودیە بە سەرۆکایەتی شازادەی جێنشینی سعودیە، محەمەد بن سەلمان لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوودا.
ترەمپ لە لێدوانەکانیدا لە ڕێگەی پێگەی (Truth Social)ـەوە وەسفی ڕۆناڵدۆی بەوە کرد کە "پیاوێکی نایابە، نەک تەنها وەک یاریزانێک، بەڵکو وەک کەسێکیش، لەو باشتر نییە"، و دووپاتیکردەوە کە ئەستێرە پورتوگالییەکە پەیوەندی پێوە کردووە بۆ ئەوەی سوپاسی بکات بۆ ئێوارە خوانە فەرمییەکە و ئەو سەردانەی لە کۆشکی سپی ئەنجامدرا، کە دیدارێکی تایبەتیشی لەگەڵ سەرۆک لەخۆگرتبوو.
پەیوەندی ڕێزی دوولایەنەی نێوان هەردوولا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کریستیانۆ خواستی خۆی بۆ بینینی ترەمپ ڕاگەیاندبوو، و بە یەکێک لەو کەسایەتییانەی دادەنا کە توانای دروستکردنی گۆڕانکاری جیهانییان هەیە.
ڕۆناڵدۆ دیدارەکەی بە "شەرەفێکی ڕاستەقینە" وەسف کرد، و جەختیکردەوە کە ئامانج لە سەردانەکەی برەودان بووە بە ئاشتی و ئیلهامبەخشین بە نەوە نوێیەکان.
لە میانی ئاهەنگەکەدا، ڕۆناڵدۆ درێسێکی واژۆکراوی پێشکەش بە سەرۆک کرد کە لەسەری نووسرابوو: "بۆ سەرۆک دۆناڵد جەی. ترەمپ، یاریکردن لەپێناو ئاشتی"، ئەمەش بووە جێی سەرسامی ترەمپ و بە ڕێزلێنانێکی تایبەتی دانا بۆ میوانە پورتوگالییەکە.
لە وەڵامی ئەوەشدا، ترەمپ لەسەر سەکۆکەی خۆی نووسیویەتی: "کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئێستا پەیوەندی پێوە کردم بۆ ئەوەی سوپاسم بکات بۆ گەشتەکەی لە کۆشکی سپی، چ پیاوێکی نایابە، نەک تەنها وەک وەرزشوانێک، بەڵکو وەک کەسێکیش. لەو باشتر نییە".
لە لایەکی دیکەوە، هەردوو خوشکەکەی ڕۆناڵدۆ، ئێلما و کاتیا ئاڤێرۆ، پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ ناوبراو دەربڕی دوای ئەو ڕەخنانەی ڕووبەڕووی بووەوە بەهۆی ئامادەبوونی لەو بۆنە فەرمییەدا، و جەختیان کردەوە کە سەردانەکەی کۆشکی سپی ئەزموونێکی تایبەت بووە و پەیامی ئاشتی و پێزانینی جیهانی هەڵگرتووە.
ڕۆناڵدۆی تەمەن 40 ساڵ، بەردەوامە لە درەوشانەوە لەگەڵ یانەی نەسر لە خولی سعودیە بۆ وەرزی 2025-2026، کە تاوەكو ئێستا لە 9 یارییدا 10 گۆڵی تۆمارکردووە، هاوکات هەوڵ دەدات دەستکەوتی 1000 گۆڵ لە کاروانی وەرزشی خۆیدا بەدەست بهێنێت.
ناوبراو خۆی ئامادە دەکات بۆ یارییەک بەرانبەر وەحدە لە 10ی کانوونی یەکەم (دیێسمبەر)، لەگەڵ بەردەوامی ئامادەکارییەکانی بۆ جامی جیهانی 2026، کە دوا بەشداریکردنی دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال.
