ئارنۆڵد: ئامانجمان گەیشتنە بە یاری کۆتایی جامی عەرەب
گراهام ئارنۆڵد، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق جەختی کردەوە کە رووبەڕووبوونەوەی جەزائیر تاقیکردنەوەیەکی سەخت و ئاڵنگارییەکی گەورەیە و پێویستی بە تەرکیزێکی (وردبوونەوە) بەرز هەیە لەلایەن سەرجەم یاریزانانەوە، ئاماژەی بەوەشدا کە تیپەکە بە ئامانجی مانەوە لە کێبڕکێ و گەیشتن بە یاری کۆتایی جامی عەرەب دەچێتە ناو یارییەکەوە.
ئارنۆڵد لە میانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی تایبەت بە یارییەکەدا، ڕایگەیاند: "رووبەڕووبوونەوەی جەزائیر ئاڵنگارییەکی گەورەیە، دەبێت زۆر تەرکیز بکەین، گرنگترین شت ئەوەیە یاریزانەکان دڵخۆش بن و لە ڕووی جەستەییەوە ئامادە بن بۆ یارییەکە، ئامانجمان ئەوەیە دەرفەت بە زۆرترین ژمارەی یاریزانان بدەین و باشترین ئەنجام بەدەست بهێنین".
وتیشی: "سەرکەوتنمان بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی شتێکی نایابە، لە قۆناغی داهاتوودا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی کوەیت یان ئیمارات دەبینەوە"، ڕوونیشیکردەوە کە تیپەکە بەدەست چەند پێکانێکەوە دەناڵێنێت، و ئەیمەن حوسێن بەهۆی پێکانێکی سووکەوە لە یارییەکەی سبەینێ بەشدار نابێت، بەڵام لە حاڵەتی گەیشتنمان بە یاری کۆتایی ئامادە دەبێت، هەروەها سێ یاریزانمان هەیە کە مەترسی وەرگرتنی کارتی زەردیان لەسەرە، بۆیە ژمارەیەک گۆڕانکاریمان ئەنجامداوە بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە ئامادەیی جەستەیی".
ئارنۆڵد سەرسامی خۆی بە ئاستی تیپەکە لە یارییەکانی ڕابردوودا دەربڕی و وتی: "بەڕاستی سەرسام بووم بەوەی یاریزانەکان پێشکەشیان کرد، متمانەی زۆرم پێیان هەیە. دوای پاڵەوانێتییەکە کۆمەڵێک یاریزانی باشمان دەبێت کە دەتوانن ڕیزەکانی هەڵبژاردەکە بەهێزتر بکەن".
لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد باسل، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی نیشتمانیمان دووپاتی کردەوە کە تیپەکە بە ورەیەکی بەرز و ئامادەیی تەواوەوە دەچێتە ناو یارییەکەی جەزائیر و وتی: "دوای ئەنجامەکەی ڕابردوو ئێمە لە تەواوی ئامادەییداین، سبەینێ ڕووبەڕووی یەکێک لە باشترین هەڵبژاردەکانی ئەفریقا دەبینەوە، بەڵام ئێمە تەواو ئامادەین، ئامانجی یەکەممان سەرکەوتن بوو و ئەوە هاتە دی، بەڵام هێشتا هیچمان ئەنجام نەداوە، چونکە هەر یارییەک بۆ ئێمە وەک یاری کۆتایی وایە".
باسل وتیشی: "بە ڕۆحی یەک دڵ و وزەیەکی ئەرێنی بەرز لە ناو کەمپەکەدا دەچینە ناو یارییەکە، هەمووان یەکگرتوون لەپێناو بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش".
