یەکێتی ماتەمینی بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی هەرێم و کەرکوک دەگێڕێت
مەکتەبی سیاسی یەكێتی، داوای كاری پێكەویی و هەنگاوی بەپەلە دەكات بۆ کۆنترۆڵی زیانەکانی ئەو لافاوەی كە هەرێمی كوردستانی گرتوە و زیانی گیانی و ماددی لێكەوتوەتەوە، بکرێن. دەشڵێت، "نزا دەکەین هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک و تێکرای وڵاتەکەمان پارێزراو و سەلامەت بن".
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا داوا دەکات بە کاریپێکەوەیی و هەماهەنگی و تەگبیری هاوبەشی حکومەتی هەرێم ، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دەزگا ڕەسمییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی لە دابیکردنی ئامێر و کەرەستەکانی پێویستن بگاتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواو و بە زویی کۆنترۆڵی زیانەکان بکرێن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەداخەوە کە ئەمرۆ لەم شەپۆڵی بارانبارین و لافاوەی شارەکانی کوردستانی گرتۆتەوە زیانێکی زۆر بەر ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان و چەندین شوێنی گشتی کەوتوە، بەتایبەتی لە شاری چەمچەماڵ لە هەرێم و سنوری لەیلان لە کەرکوک گەیشتە گیان لە دەستدان و خنکان.
مەکتەبی سیاسی باسی لەوەشكردوە، وێڕای ئاڕاستەکردنی ماتەم و پەژارەی خۆمان بۆ کەسوکاری کۆستکەوتوان، دەستخۆشی لە تیمەکانی فریاگوزاری و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کە هیممەت بۆ چارەسەری لێکەوتەکانی لافاوەکە دەکەن، بە پەرۆشەوە داواکارین هەماهەنگی و تەگبیری هاوبەشی حکومەتی هەرێم، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەتایبەتی کە ئەم شەپۆڵە ماوەیەک بەردەوام دەبێت و پێویستی بە کۆششی دەستەجەمعی و فریاگوزاری دەستبەجێ هەیە.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەكەیدا دەشڵێت، "نزا دەکەین هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک و تێکرای وڵاتەکەمان پارێزراو و سەلامەت بن".
