ساڤایا: شانازی دەکەم کە یەکێک لە باشترین سەرکردەکانی عێراق سەرۆکایەتی UNHCR دەکات
مارک ساڤایا، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا لێدوانێکی لەبارەی دەستبەکاربوونی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق وەک سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)ی دا.
ساڤایا لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە وتی: لە دڵەوە دەمەوێت سوپاسی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گۆتێرێس بکەم بۆ پاڵپشتییە چارەنووسازەکەی لە هەڵبژاردنی سەرکردەی بەئەمەک و دیدەوان سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، بەرهەم ساڵح، بۆ سەرکردایەتیکردنی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان UNHCR.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە هەمان کاتدا گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هاوڕێی ئازیزم د.بەرهەم ساڵح دەکەم کە ئەم پۆستە گرنگەی گرتە ئەستۆ کە تایبەتە بە خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و پاراستنی ئاوارەکان. کەس لەوە زیاتر شایستەی ئەو بەرپرسیارێتییە نییە، بەتایبەتی کە خۆی بە ئەزموونی پەنابەربووندا ژیاوە.
دووپاتیشی کردەوە، "ئەم ساتەوەختە جێگای شانازی مێژووییە بۆ من و بۆ گەلی عێراق و بۆ عێراقیش وەک نەتەوەیەک، کە ببینم یەکێک لە سەرکردە باشترینەکانی پێگەیەکی نێودەوڵەتیی بەناوبانگی لەو شێوەیە وەربگرێت".
