چوارچێوەی هەماهەنگی داوا دەکات بە زووترین کات دانیشتنی پەرلەمان سازبکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای کرد کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە بچێت و بەردەوام بێت لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و تاوتوێکردنەکان کردەوە لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکاندا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پێکهێنانی حکومەت.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی چوارچێوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی خولیی ژمارە (254)ی خۆی ئەنجام دا، لە نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ تاوتوێکردنی شایستە نیشتمانییەکان پەیوەست بە قۆناغی داهاتوو، و تاوتوێکردنی ڕێڕەوەکانی پێکهێنانی حکومەت بەپێی چوارچێوە دەستوورییەکان."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای کرد "کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە نزیکترین کاتدا بەڕێوە بچێت، و بەردەوام بێت لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە"، هاوکات جەختی لەسەر "گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و تاوتوێکردنەکان لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکاندا کردەوە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پێکهێنانی حکومەت و شایستە نیشتمانییەکانی دیکە بە ڕۆحێکی بەرپرسیارێتی و لێکتێگەیشتن."
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەشداربووان ڕۆڵی سەرەکیی نیشتمانی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییان لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات، و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییە سیاسییەکان بە ڕۆحێکی هاوسەنگی و ژیری، بە بیر هێنایەوە، وەک چوارچێوەیەک کە مەرجەعێکی سیاسییە بۆ گەورەترین پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، کە بەشداری کردووە لە پاراستنی سەقامگیری و پشتگیریکردنی ڕێڕەوی دەستووریی دەوڵەت."
