سودانی ڕێنمایی دەدات بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هونەریی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە لە میکانیزمەکانی گواستنەوە و بارکردنی دەریایی
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێنمایی دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هونەریی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە لە میکانیزمەکانی گواستنەوە و بارکردنی دەریایی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد سەبارەت بە ڕێکخستنی پرۆسەکانی گواستنەوەی دەریایی بۆ بەرهەم و دەرهاویشتە نەوتییەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی ئەو میکانیزمانە کرا کە پێویستە پەیڕەو بکرێن بۆ زیادکردنی داهاتەکان کە لە ئەنجامی کاراکردنی پەمپکردنی دەرهاویشتە نەوتییەکانەوە دەست دەکەون، هەروەها کاراکردنی چالاکییەکانی گواستنەوەی دەریایی و ئەو چارەسەرانەی کە بەشدارن لە خێراکردن و پەرەپێدانی پرۆسەکانی بارکردنی کەشتییە نەوت هەڵگرەکان و تێپەڕاندنی ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان لەسەر زیادبوونی ڕیتمی کار هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، کە کۆبوونەوەکە تاوتوێی سەرجەم ئەو ڕێکارانەی کرد کە دەبنە هۆی پەرەپێدانی ڕەسیفی بەندەرەکان؛ بۆ بەرزکردنەوەی کارایی پەمپکردن و بارکردنی بەرهەمە نەوتییە هەناردەکراوەکان لە دۆخە جیاوازەکانی کارپێکردندا.
سەرۆک وەزیران ڕێنمایی دا، بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هونەریی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە لە میکانیزمەکانی بارکردن و گواستنەوە، بە مەرجێک لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ڕاسپاردەکانی پێشکەش بکات؛ بە ئامانجی بەشداریکردن لە زیادکردنی کارایی گواستنەوە و هەناردەکردن
