وەزارەتی ناوخۆ: نابێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا بوونی هەبێت
وەزارەتی ناوخۆ ئەمڕۆ یەکشەممە دووپاتی کردەوە کە هیچ چەکێک جگە لەوانەی لەدەستی دەوڵەتدایە ڕێگەپێدراو نییە، هەروەها ناتوانرێت هیچ نەریت و یاسایەک دەربکرێت یان جێبەجێ بکرێت جگە لەوانەی کە پێشتر کاریان پێکراوە.
عەقید عەباس بەهادلی، وتەبێژی وەزارەت، بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "ململانێ عەشایەرییەکان دیاردەیەکی نەرێنی و ناشارستانین، هەروەها هەڕەشە لە ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەن و بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین." ئاماژەی بەوەش کرد کە "دەزگا ئەمنییەکان کار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئەم تاوانانە و ئەوەی بە (هەڕەشەی خێڵەکی) دەناسرێت، ئێمە هاوبەشییەکی ڕاستەقینەمان لەگەڵ دادگا هەیە و ئێستا ئەم کردەوانە لە چوارچێوەی یاسای ٤ی تیرۆردا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."
بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆ وتیشی: "هەر کەسێک لە کاتی ئەنجامدانی ئەم تاوانانەدا دەستگیر بکرێت، ڕەوانەی دادگا دەکرێت و دادگا بڕیاری کۆتایی خۆی بەپێی ماددە یاساییەکان دەدات." جەختیشی کردەوە کە "وەزارەتی ناوخۆ بە هیچ جۆرێک ئەم ململانێیانە قبوڵ ناکات و بەردەوامە لە جێبەجێکردنی یاسا و سەقامگیرکردنی ئاسایش."
خاڵە گرنگەکانی تری لێدوانەکەی وتەبێژ:نابێت هیچ چەکێک هەبێت جگە لە چەکی دەوڵەت، و هیچ دابونەریتێک ناتوانێت جێگەی یاسا کارپێکراوەکان بگرێتەوە ، و وەزارەت بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشانە دەکات و ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە تێوەگلاوان لەژێر لێکۆڵینەوەدان و زۆریشیان سزایان بەسەردا سەپێنراوە و بەهادلی داوای لە عەشایەرە عێراقییەکان کرد پابەندی یاسا بن و زانیاری بدەن لەسەر هەر کەسێک کە هەوڵی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەدات. هیوایشی خواست ڕۆحی لێبوردەیی بڵاوببێتەوە و بۆ چارەسەری کێشەکان پەنا بۆ توندوتیژی و چەک نەبرێت.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە "یاسا ڕوون و ئاشکرایە و بەکارهێنانی چەک قبوڵ ناکات، هەر کەسێکیش ئەو کارە بکات بەپێی یاسا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت."
