ئەزموونێکی نوێی ئەلیکترۆنی لە دەروازەی سنووری شەلامچە بۆ پتەوکردنی چاودێری و شەفافیەت سەرکەوتوو دەبێت
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، فەریق عومەر وائلی، ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرکەوتنی ئەزموونی بەستنەوەی خوێندنەوەی داتاکانی تەرازووی پردی (بۆ کێشانی بارهەڵگرەکان) لەگەڵ سیستەمی "ئەسکۆدا" ڕاگەیاند، بە مەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە دەروازەی شەلامجە.
دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە راگهیندراوێكدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە،تێیدا ڕایگەیاندووە: "پاڵپشت بە ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی و جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 613ی ساڵی 2025، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە مەیدانییەوە بەدواداچوونی بۆ سەرکەوتنی دەستەی گشتی گومرگ کرد لە پەیڕەوکردنی کێشانی ئەلیکترۆنی بۆ ئەو کاڵایانەی هاوردەی وڵات دەکرێن لە دەروازەی سنووریی شەلامجە."
راگهیندراوهكه ئاماژەی بەوە کردووە: "بۆ بەردەوامبوونی ئەو ڕێکارە ئەلیکترۆنییانەی کە دەستەی دەروازە سنوورییەکان گرتوویەتیە بەر، دوای تەواوکردنی بەرنامەی بەڕێوەبردنی ئەلیکترۆنی دەروازەکان و بەستنەوەی تۆڕی سۆنەرەکان لە هەموو دەروازە سنوورییەکاندا؛ چونکە ئەمە تەنیا ڕێگایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدیهێنانی حوکمڕانی بە هەموو شێوەکانییەوە."
هەروەها ئهوهیش هاتووە: "ئەمڕۆ گەواهیدەری سەرکەوتنی ئەزموونی بەستنەوەی داتاکانی تەرازووی پردین لەگەڵ سیستەمی ئەسکۆدا بۆ تەواوکردنی مامەڵە گومرگییەکان بە ئەلیکترۆنی، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ دوورکەوتنەوە لە مامەڵەی کاغەزی کە پێشتر پرۆسەی ساختەکاری و دەستکاریکردنی گەورەی بەخۆوە دەبینی." ئاماژەی بەوەش کردووە کە: "ئەم ڕێکارە ڕێگە بە دەستێوەردانی مرۆیی نادات بۆ یاریکردن بە کێشی ڕاستەقینەی کاڵاکان، چونکە خوێندنەوەی کێشەکان ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ فەرمانبەرانی وردبینی، ئەمەش ڕێگا لەوانە دەگرێت کە دەیانەوێت دەستکاری کێشەکان یان ڕەسمە گومرگییەکان بکەن."
لە کۆتاییدا راگهیندراوهكه ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆسیەی دەروازەکان و گومرگ و باج و گواستنەوەی دارایی گەواهیدەری سەرکەوتنی یەک لە دوای یەکن، ئەوەش بەهۆی سووربوونی لیژنەی فەرمانی دیوانی و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرجەستە لە زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان لە ڕێگەی ئۆتۆماتیککردن و حوکمڕانی ئەلیکترۆنییەوە.
