پارێزگاری بەغدا فەرمان دەکات بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئاسانکاری لە ڕێکارەکانی بەخشینی زەوی بە کارمەندانی پەروەردە
پارێزگاری بەغدا، عەتوان عەتوانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێنمایی دا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئاسانکاری لە ڕێکارەکانی بەخشینی زەوی بە کارمەندانی کەرتی پەروەردە.
پارێزگای بەغدا لە راگهیندراوێكدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووه تێیدا، ڕایگەیاند: "پارێزگاری بەغدا عەتوان عەتوانی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بۆ بەدواداچوون و خێراکردنی ڕێکارەکانی تەرخانکردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ کارمەندانی پەروەردە لە پارێزگای بەغدا، بەپێی سیستەمی پەرەپێدەری خانوبەرە، بە ئامانجی پێدانی ماف بەم توێژە و دابینکردنی شایستەی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆیان."
راگهیندراوهكه ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە کۆبوونەوەکەدا، بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرانی کۆمپانیای پەرەپێدەری خانوبەرە، ڕێکارە کارگێڕی و تەکنیکییەکانی تایبەت بەو زەوییەی بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە خرایە ڕوو، کە ڕووبەرەکەی (3 هەزار دۆنم)ە و دەکەوێتە کەرتی (304/38) لە ناوچەی ڕەزوانییە، ئەمەش پاڵپشت بە ڕەزامەندی سەرۆک وەزیران و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (271)ی ساڵی 2025."
بەپێی راگهیندراوهكه ، عەتوانی جەختی کردەوە لەسەر "گرنگی بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەپێی دیدگایەکی پلاندانانی مۆدێرن کە بەشدار بێت لە دروستکردنی شارێکی نیشتەجێبوونی خاوەن خزمەتگوزاری تەواو"، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە "کارمەندانی پەروەردە توێژێکی نیشتمانین کە بەشدارییان کردووە لە بونیادنانی کۆمەڵگە و شایستەی پشتگیری و پێدانی مافەکانیانن."
لە کۆتاییدا عەتوانی فەرمانی کرد بە "پێکهێنانی لیژنەیەک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئاسانکاری لە ڕێکارەکان و تەواوکردنی کارەکانی ڕووپێوی و ئامادەکاری، لەگەڵ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی خولی بۆ بەدواداچوونی پێشکەوتنەکان"، هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵەکانی ستافی پەروەردە کرد و جەختی لە بەردەوامی پشتگیری حکومەتی خۆجێی بۆیان کردەوە.
