بە هەماهەنگی لەگەڵ سووریا وەزارەتی ناوخۆ دەستگیرکردنی 4 داواکراوی نێودەوڵەتی راگەیاند
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، دەستگیرکردنی 4 داواکراوی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند کە 200,000 هەزار حەبی هۆشبەری جۆری (کبتاجون)یان پێبووە، لە پڕۆسەیەکی جۆریدا بە هەماهەنگی لەگەڵ سووریا.
عەمید زیاد قەیسی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بەپێی ڕێنماییەکانی وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شەمەری، و لەژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان، و پاڵپشت بەو هەماهەنگییە بەردەوامەی لەنێوان عێراق و سووریادا هەیە، لایەنی سووری بە زانیاری ئەمنی و هەواڵگری ورد دابینکرا کە لە ڕێگەی هاوکاری نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکەمان و دەزگای هەواڵگری نیشتمانییەوە بەدەست هاتبوون."
قەیسی بەپێی ڕاگەیەندراوەکە دووپاتی کردەوە، "لە ڕێگەی ئەم زانیارییانەوە، پڕۆسەیەکی جۆری جێبەجێ کرا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی چوار بازرگانی نێودەوڵەتی داواکراو و دەستبەسەرداگرتنی 200,000 هەزار حەبی هۆشبەر لە جۆری (کبتاجون) کە پێیان بووە."
قەیسی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو ماددانە دەستیان بەسەردا گیراوە و دەستگیرکراوەکان ڕەوانەی دادگا کراون بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن."
